بە گشتی زمانە جۆراوجۆرەکان لە تەواویی دنیادا لە ڕێگای هۆکارگەلی جیاوازەوە تووشی گۆڕان و ئاڵوگۆڕگەلێکی بەرچاو دەبن و هێدی هێدی جۆرگەلی زمانیی دیکە بەدی دێنن کە ئەگەرچی لە زۆرینەی کاتەکاندا ئاخێوەرانی ئەو زمانە لێی تێ دەگەن بەڵام لە ئاستە جۆراوجۆرە زمانییەکاندا وەکوو واچی، وشەناسی و ڕستەناسیدا تایبەتمەندیگەلێکی جیاواز یان دژبه یه کیان هەیە. هەورامیش وەکوو دیالێکتێکی گۆرانی و یەکێک لە زمانگەلی ئێرانیی نوێ، لەم یاسایە بەدەر نییە. تا ئێستا چەشنگەلێکی جیاواز لەم دیالێکتە گۆرانییە لە ناوچەگەلێک وەکوو هەورامانی لهۆن (لە هەرێمە کوردنشینەکانی ئێران و عێراقدا)، هەورامانی تەخت، هەورامانی ژاوەرۆ و گوندی کەندۆڵە دۆزراوەتەوە و تا ڕادەیەک تایبەتمەندیگەلی ئەم جۆرە زمانیگەلە لە لێکۆڵینەوە بەردەستەکان لە مەڕ هەورامیدا، پێناسە و شی کراون. لەم وتارەدا دەمانەوێت بۆ یەکەم جار جۆرێکی نوێ لەم دیالێکتە لە ژێر ناوی هەورامیی کرماشانیدا بناسێنین و هەندێک لە تایبەتمەندییە زمانییەکانی تایبەت بەم جۆرەزمانییە هەڵ بدەین و ڕوونیان بکەینەوە. باب و باپیرانی ئاخێوەرانی ئەم جۆرە تایبەتە لە هەورامی کە بە گشتی دانیشتووی کرماشانن، لە 1920ـەکانی زایینیدا بە هۆی هۆکارگەلی جیاجیای ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕامیاری لە شاری پاوەوە کۆچیان کردووە بۆ کرماشان. ئەو ئاڵوگۆڕانەی بە سەر دیالێکتی هەورامیی جیلی دووهەم و سێهەمی کۆچکردووەکاندا هاتوون، لە ئولگووگەلێکی وێکچوو پێڕەوی دەکەن که لە ڕاستیدا ڕێگای دیسانەوەناسینی دیالێکتەکەیان وەکوو چەشنێکی جوگرافیاییی نوێ لە هەورامی ساز دەکا. بڕێک لەم ئاڵوگۆڕانە کە لەم وتارەی بەردەستدا لە دووتۆی هەڵسەنگاندنێکی بەراوەردکارانە لەگەڵ شێوەئاخاوتنی پاوەیی دەخرێنە بەرچاو بریتیین لە: سڕێنەوەی /د/ی هەورامی لە هەندێک لە بەستێنگەلی واچی و وشەناسیی تایبەتدا، نەمانی تایبەتمەندییی ڕەگەز، گۆڕانی شێوەی کۆکردنی ناوەکان، گۆڕانی چۆنیەتیی دەربڕینی نموودی بەردەوام، گۆڕانی دۆخە سەلمێندراوەکان لە سەر دۆخ نوێنی لە گەردانی ناودا، گۆڕانی ئولگووی هاوته ریبی ئێرگێتیڤ. هەروا کە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە لە هەورامییە لە جۆرگەلی دیکە لە هەورامی وەکوو شێوەزاری کەندۆڵەییش دەبینرێت، هەوڵ دەدەین لە کۆتاییی ئەم وتارەدا ئولگوویەک لە ئاڵوگۆڕگەلی ئەگەری لە هەورامیدا بخەینە بەر دەست.