کاتێ دەمانەوێ سەبارەت بە خاتوو مەستوورەی ئەردەڵان (ماه شەرەف خانمی کوردستانی 1220-1264ک.) بدوێین و کارنامەی هۆنراوەکانی هەڵسەنگێنین، بێ ئەوەی ئاوڕێک لەو کارانە بدەینەوە کە تا ئیستا لەو بارەوە ئەنجام دراون، بۆ ئەم قەزاوەتەی خوارەوە قۆلکێش دەکرێین: یەکەم مەستوورەی فارسی بێژ کە هەوڵی شاعیر لەم هۆنراوە فارسییانەیدا بۆ داهێنانێکی تازە وەها لەبەر چاو نییە کە لە ئەدەبی فارسیدا دیاری بکا. ئەم بەشە لە دیوانەکەی مەستوورە بیر و شێوازێکی ئەوتۆی تیا بەدی ناکرێ. دووهەم مەستوورەی شیوەن بێژ کە ئەم هۆنراوانەی تام و چێژێکی دیکەی هەیە و لە ژانری شیوەنبێژیدا لە ئەدەبی کوردی پێشرەو و تەنیا مەیداندارە و لە ئەو پەڕی ڕازاوەیی و سۆزدا هەڵبەستراوە. لەم وتارەدا هەوڵ ئەدەین بە کورتی ئەم دوو بابەتە بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە و دەسکەوتەکانی شاعیر بۆ ئەدەبی کوردی بە گوێرەی توانا دەربخەین.