بارو دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراقدا بەجۆرێک بوو کە ئاڵۆزی تەواوی بەخۆیەوە دیتبوو، لە ساڵانی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دووەم، عێراق بەگشتی بێبەش نەبوو لەو جەنگە و داگیرکاری بەریتانییەکان لە ساڵی 1941ی زایینی عێراقی داگیرکرد. عەقلیەتی کۆن و تازە کێشمەکێشی زۆریان تیکەوتبوو، لە ڕووی ئەدەبیاتیشەوە هەمان کێشە دورست ببوو، ڕێبازی ئەدەبی تازە هاتبوە ناوەوە وەک رۆمانسیزم و ریالیزم و سمبولیزم و... هەموو ئەمانە بارودۆخێکی تازەیان لەسەر باری دەروونی خەڵکی دروست کردبوو. " پیرەمێرد و سەییاب"یش لەو سەردەمەدا ژیاون، هەرچەندە نێوانی تەمەنیان زۆر بووە، بەڵام کاریگەرییەکە لەسەریان زۆر بووە، بۆ ئەوەی لەو بارودۆخە رزگاریان بێت و دەروونیان ئاسودە بکەن، لە ڕێگەی شیعرەکانیانەوە هەوڵی گەڕانەوەیان بۆ ڕابردوو داوە، باشترین ڕێگەش بۆ رزگار بوون لەو بارودۆخە شیعری نوستالیژی بووە. کەواتە شیعری نوستالیژی دیاردەیەکی ئەدەبییە کە شاعیران پەنایان بۆ بردووە و کردویانەتە ویستگەیەک تابتوانن لە ژیانی هەنووکەییاندا رزگاریان بێت و بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوویان لە رووی دەروونییەوە ئاسودەیی بەدەست بهێنن. لێرەدا هەوڵمان داوە نوستالیژیا لە رووی مێژوویی و زاراوە و نوستالیژیا لە کۆن و تازەدا روون بکەینەوە و بە شێوازێکی بەراوردکارانە ئەم چەمکە لە شیعری پیرەمێرد و سەییاب دا شرۆڤە بکەین.