ئەم کتێبە سەرەتا بە لێکۆڵینەوەی جێگە وپێگەی ئێستای دەقی کوردی لە ناوەند و بنکەدراوە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی نوانەسازیی نووسینی زانستیدا دەست پێدەکات و پاشان تیشک دەخاتە سەر ئەو کۆسپانەی وەک بەربەست لە بەردەم نوانەبوونی نووسراوەی کوردیدا قوت دەبنەوە. کۆسپەکان بە گشتی بەسەر دوو بەشدا دابەش دەکرێن کە بریتین لە خاڵە لاوازەکانی نووسینی ئەکادێمیکی کورد لە ڕووی ڕێبازناسییەوە لە لایەکەوە و کێشەگەلی تەکنیکی بە هۆی نەبوونی دەزگایەک بۆ نوانەسازی لە لایەکی ترەوە. دواتر باس لە قۆناغەکانی نوانەکردنی بەرهەمی توێژەرانەی کوردی دەکرێ و لە قۆناغەکانی تردا بایەخ دەدرێتە چۆنیەتی و شێوەگەلی دەستەبەرکردنی ئاماژەکاری بۆ نووسینی کوردی بە شێوەی ئەلکترۆنیک تاکوو لە ئەنجامدا نووسینی ناوبراو ببێتە خاوەنی ئاماژەمەندی لە ماڵپەڕ تایبەتمەندەکاندا. لە ئەنجامدا لەم ڕێگەیەوە ئەو گۆڤارە زانستییەی هەڵگری ئەم مەرجانەیە دەبێتە خاوەنی هاوکۆلکەی کاریگەری، کە ئەمەش حاڵەتێکی دەگمەنە و بە ڕەوتێکی درێژخایەندا تێدەپەڕێت و بۆیەش زۆربەی گۆڤارە کوردییەکان تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە. ئەم کتێبە لە پێشەکییەکی تێروتەسەل و هەشت بەش و چەندین خشتە و پاشکۆ پێکهاتووە.