ئەم وتارە هەوڵ ئەدات لە هەنگاوی یەکەمدا ئاوڕ لە دوو قوتابخانەی شیعری هاوچەرخی کوردی لە کوردستانی عێراقدا بداتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دوای ناساندنی قوتابخانەکانی روانگە و کفری، دەست دەکات بە ئاراستەکردنی بابەتی ناوەندیی توێژینەوەکە کە بریتییە لە دیاری کردنی مۆرک و تایبەتمەندییە شێوازناسانەکانی ئەو بەرهەمانە. ئەو دوو قوتابخانەیە دوو رەوتی گرنگی ئەدەبییان لە ماوەی نێوان ساڵەکانی 1970 بۆ 1991دا پێک هێنا کە وەکوو قۆناغێکی گرنگی مێژووی ئەدەبی هاوچەرخی کوردی لە کوردستانی عێراق لە قەڵەم دەدرێت. لە پێناو دەستەبەرکردنی چوارچێوەیەکی تیۆریک بۆ دەستنیشان کردنی شێوازناسیی بەرهەمە شیعرییەکان کەڵک لە روانگەکانی پرۆفیسۆر سیرووس شەمیسا و بە تایبەت کتێبی شێوازناسی لێکۆڵەری ناوبراو وەرگیراوە کە بایەخ دەداتە سێ ئاستی جیای زمانی، ئەدەبی و هزری لە دیاری کردنی مۆرکی شێوازناسانەی بەرهەمە ئەدەبییەکاندا. لەم توێژینەوەی بەردەستدا پەنجە خراوەتە سەر دامەزرێنەر و ناسراوترین ئەندامی هەرکام لە قوتابخانە شیعرییەکان کە بریتین لە شێرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەت و پاشان بەرهەمەکانیان بە گوێرەی بنەواشە سەرەکییەکانی بۆچوونی رەخنەگرانەی ناوبراو لێک دراونەتەوە و جیاوازییەکانیان خراونەتە روو.