هەر دوو بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی بەغداد و بەشی کوردۆلۆجی لە ئاکادێمیی زانستە ڕۆژهەڵاتییەکانی سەینت پێتێرزبورگ لە ساڵی 1959دا دامەزران و بەم چەشنە زمان و ئەدەبی کوردی وەک بەشێکی زانستیی سەربەخۆ هاتە نێو گوتاری دامەزراوەیی ئاکادێمیکەوە. ئەو دوو بەشە دواتر پەرەیان سەند و لە قۆناغەکانی تریشدا بەشە فێرکارانە و زانستییەکانی دیکە سەبارەت بەم بابەتە لە زانکۆکانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستاندا کرانەوە. ئەم وتارەی بەردەست دەیەوێ ئەو خاڵە بخاتە ڕوو کە ئەو بەشانە، سەرەڕای کاریگەرییە ئەرێنییەکانیان، هاوکات نەیان توانیوە ئەو جۆرەی شیاو و پێویستە خۆیان تازە بکەنەوە. ئەو بەشانە، لە لایەکەوە، خۆیان لە دەستکەوتەکانی دەڤەری فێرکاری وەکوو بواری زانستی و پسپۆڕانە دوور خستووەتەوە و، لە لایەکی تریشەوە، توێژینەوەکانیان لە هەر دوو باری ناوەرۆک و فۆرمەوە و بە تایبەت لە ڕووی سیستەمی هزری و میتۆدۆلۆژییەوە گەشەیەکی بەرچاویان بە خۆیانەوە نەبینیوە. لەم وتارەدا باسی واتا نەرێنییەکانی زاراوەی «کوردولۆجی» دەکرێت و پاشان ئاوڕ لەو ڕوانین و لایەنە زاڵە نەرێنیانە دەدرێتەوە کە لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆ ڕۆژئاواییەکاندا وەکوو تایبەتمەندی و پارادایم دەرکەوتوونە. هەروەهاش، تیشک دەخرێتە سەر کۆمەڵێ خاڵی لاوازی گشتیی بەشەکانی زمان و ئەدەبی کوردی لە سەرجەم کوردستاندا کە لێرەدا وەکوو وێستاوی و کەموکۆڕیی پارادیگماتیک ناوزەد دەکرێن. لە کۆتاییشدا، لەسەر پێویستیی هاتنە ئارای «گۆڕانکاریی پارادیگماتیک» لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی کوردی و بەشەکانی زمان و ئەدەبی کوردیدا هەڵوێستە دەکرێت.