ئەم بەرهەمە بەرگی یەکەمی فەرهەنگی شیکارانەی زاراوەی ئەدەبییە کە زاراوە ئەدەبی و رەخنەییەکانی پیتی "ئ" تا کۆتایی پیتی "جێ"ی لە خۆ گرتووە. لەم فەرهەنگەدا هەوڵ دراوە هاوواتا کوردییەکانی ئەو چەمک و زاراوانە بە شێوەیەک دابندرین کە لەگەڵ مۆرک و رێسا زمانەوانییەکانی زمانی کوردیدا یەک دەگرنەوە؛ هەروەهاش، هەوڵ دراوە لە توانا و پۆتانسیەلی سەرجەم زاراوە و بەنزاراوە و شێوەزارە جیاجیاکانی زمانی کوردی کەڵک وەربگیردرێ. هەر جۆرە هەوڵێک لەم بوارە بێجگە لە زانینی هەر دو زمانەکە پێویستی بە ناسینی وردی ئەو چەمک و زاراوانەش هەیە کە بڕیارە هاوواتایان بۆ دابندرێ. ئەمڕۆکە پرسی وشەڕۆنان و وشەبژێری بۆ زاراوە زانستییەکانی یەکێکە لە کەڵکەڵە جیدییەکانی دەڤەری زمانەوانی کە پێوەندیی راستەوخۆی بە ئاستی پەرەسەندوویی زمانەوە هەیە.