ئەم کتێبە نزیکەی حەوت هەزار زاراوەی بواری ڕەخنە و تیۆری ئەدەبیی لەخۆ گرتووە. زاراوەکان بە پێی ئەلفوبێی ئینگلیزی ڕیزکراون و هاوواتای فارسی و کوردییان بۆ دانراوە. زاراوە کوردییەکان بە دوو زاری کوردیی ناوەندی و سەروو دانراون. هاوواتاکان لە کوردیی ناوەندیدا بە ئەلفوبێی عەرەبی و لە کوردیی سەروودا بە ئەلفوبێی سەروو تۆمار کراون. لەم فەرهەنگەدا هاوواتا فارسییەکان بە هەستیارییەوە دانراون و زۆر جار هاوواتای بەکارهێنراو پێشنیازی نوێی تێدایە. لە لایەکی ترەوە، بە هۆی سروشتی نێوانبواریی ڕەخنەی ئەدەبییەوە زاراوەی بوارەکانی تری زانستە مرۆییەکانیشی تێدایە، وەک زمانناسی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی و دەروونشیکاری. ئەم کتێبە هەڵگری دوو پێشەکیی دووردرێژە لەسەر مێژووی زاراوەسازی لە کوردیدا و هەروەها لەسەر وەرگێڕانی چەمک و زاراوە ڕەخنەییەکان بۆ کوردی.