ئه م وتاره بە ئاماژپێکردنی بەستێنی کۆمەڵایەتی و هەلومەرجی سیاسیی سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەست پێدەکات و بۆیەش بە شێوەیەکی بەراوردکارانە قامک لەسەر دەرئەنجامی حوکمڕانیی دوو میرنشینی ئەردەڵان و بابان دادەنێ. دواتر باسێک لەسەر پێناسە و واتاکانی جوانیناسی ئاراستە دەکات و دوو سیستەمی کلاسیک و مۆدێرنی جوانیناسی بە کورتی پێکەوە بەراورد دەکات. نیقاشی سەرەکیی وتارەکە بریتییە کە لێکۆڵینەوەی ئەو خاڵە کە نالی، وەک یەکێک لە شاعیرە هەرە بەرزەکانی کورد و ناودارترین شاعیری ئەدەبی کلاسیکی کوردیی ناوەندی، بە چ شێوەیەک توانیویەتی حەقیقەتێکی جوانیناسانە لە بەرهەمی خۆیدا بسازێنێ کە دەکەوێتە دەرەوەی دونیای واقیعەوە. شیعری نالی، لە زۆربەی دەرکەوتنەکانیدا، تەنیا بۆ مەبەست و هزری شاعیرانە و لە پێناوی بنیاتنانی سیستەمێکی خۆبژیوی جوانیناسانە داهێنراوە. لێرەدا زمان و بە دیاریکراوی بن زاری سۆرانیی کوردیی ناوەندی کردۆتە هەوێن و کەڵکی لە زۆربەی مۆرک و خەسڵەتەکانی ئەو زمانە وەرگرتووە بە مەبەستی داهێنانی دەڤەرێکی جوانیناسانەی سەربەخۆ لەو زمانەدا کە تەنانەت تایبەتمەندیی بچووکترین بڕگەکانی وشەکانیشی ڕەچاو کردووە. ئەوڕۆکە شێوازی شیعری نالی وەک خەزێنەیەکی دەوڵەمەند و فرەڕەهەند دادەنرێ کە بنه ما و تێڕوانینە سه ره کییه کانی بەشێکی گەورەی سامانی ئەدەبی کلاسیکی کوردیی داڕشتووە.