سیاسەتی زمانی زانستێکی نێوان بوارییە و وەک بەشێک لە «زمانناسیی کۆمەڵایەتی» و «زمانناسیی کارپێکراو» پێناسە دەکرێ. نوانەسازیی نووسینە کوردییەکان پێویستە وەک بەشێکی گرنگی سیاسەتی زمانی سەیر بکر ێ. نوانەسازی بریتییە لە کۆکردنەوە، هەڵسەنگاندن، ڕیزبەندی و نمایشکردنی توێژینەوەی زانستی لە ڕواڵەتی وتار، کتێب، نامەی زانکۆیی و هتد. هەوڵەکان لەم پێناوەدا بۆ زمانی کوردی پچڕپچڕ و ناگشتگیرە و ئێمە خاوەنی یەک ناوەند و دەزگای فەرمی و گشتگیر نین بۆ ئەم مەبەستە. ئاماژەپێوی قۆناغی دوای نوانەسازییە و زۆربەی زمانەکانی دنیا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە، مەگەر زمانە فەرمییەکانی لە هەندێ وڵاتدا. ئینگلیسی لەم ڕووەوە لە جیهانی ئەمڕۆدا پلەی یەکەمی مسۆگەر کردووە و چینی لە پارچەزەویی ئاسیا یەکەمە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا دووەمە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تورکی و پاشان فارسی و دواتر عەرەبی لەم ڕووەوە گەشەیان کردووە.کوردی، وێڕای ئەوەی زمانێکی لەمێژینە و دەوڵەمەندە و ژمارەی ئاخێوەرانیشی زۆرە، بەڵام لەم ڕووەوە خاوەنی هیچ جێگە و پێگەیەک نییە. لە کۆتاییدا دەستکەوتەکانی ئەم کارگایە لە سێ ئاستی نێودەوڵەتی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زمانی کوردیدا خرانە ڕووو. دواتر بە مەبەستی پێشکەش کردنی ڕێکار و چارەسەر چوار دەڤەری زمانی، توێژینەوەیی، پێکهێنان و رێکخستنی بنکەگەلی زانیاری و نوانەسازی و پێوانی ئاماژەکان تاوتوێ کران.