لەم وتارەدا وێڕای باس کردن لە هاوشێوەیی و هاوتەبایی و هاوتەریبی نێوان ڕێبازە هونەری و ئەدەبییەکان لە ڕۆژئاوا و شێوەی ژیان و فەرهەنگ و دنیابینیی ئەو کۆمەڵگایانە، تیشک دەخرێتە سەر چیرۆکی کوردی و ئە خاڵە ئەدرکێندرێ کە لە لێکۆڵینەوە ئەدەبییە کوردییەکاندا لێکدانەوەی جێگە و پێگەی چینی ناوەڕاست و هۆکارەکان و لێکەوتەکانی پەرەسەندنی، بزرە. توێژینەوەکە پێی وایە ئەدەبی کوردی لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمدا مۆدێرنیستی نییە بەڵام لەژێر کاریگەریی مۆدێرنیتەدایە. لەم وتارەدا وێڕای ئاماژە بۆ عەرەبێ شەمۆ، زیاتر باس لە حەسەن قزڵجی دەکرێ . شەمۆ گەرچی خاوەنی چەندین بەرهەمی ڕیالیستییە، بەڵام ئایدیۆلۆجیی بە لاوە گرنگتر بوو و قزڵجی گەرچی سەر بە هەمان ئایدیۆلۆجی بوو، بەڵام زیاتر گرنگی دەدایە هونەری چیرۆک نووسین. واقیعی خوازی لە ئەدەبی کوردیدا بە بەراورد لەگەڵ ئەدەبی گەلانی تر تەمەنەکەی کورتتر و سنووردارترە. هۆکارێکی سەرەکیی گەشاوەنەبوونی نوێخوازیی ئەدەبی لای ئێمە بەرتەسکی و کورت مەودایی و سنوورداربوونی واقیعی خوازی و دەرنەکەوتنی بەرهەمی دانسقەی واقیعی خوازانەیە. لە کۆتایی وتارەکەدا ئاماژە بۆ شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵێ نووسەری کورد لەگەڵ واقیعی خوازی و نوێخوازیدا کراوە.