بەرگری لە مافی ئافرەت لە شیعردا بە هەموویەوە سەد ساڵی بەسەردا تێناپەڕێ. ئاڵوگۆڕیی شێوازی ژینی مرۆڤ و پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا ئاڵوگؤڕی بەسەر بیری مرۆڤیشدا هێناوە و زۆر بیرۆکەی تازەی وەک مافی ئافرەت، خوێندەواری تازە، مافی کرێکاران، ئازادی، خۆشەویستی نیشتمان و زۆر بابەتی تازەی دیکەی هێناوەتەوە نێو ئەدەبی کوردی و فارسییەوە. ئەم توێژینەوەیە باس لە بەرگریکردن لە مافی ئافرەت لە شیعری قانع و بەهاردا دەکات و دەیەوێت بە پێی قوتابخانەی بەراوردکاری ئەمریکی بۆچوونی ئەو دوو کەڵە شاعیرە لە ڕووی زمانی کوردی و فارسییەوە بەراورد بکات و وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە گرنگترین هۆی تەرخانکردنی بەشێک لە شیعری ئەو دوو شاعیرە بۆ مافی ئافرەتان چییە؟ بۆچوونی ئەوان و تیڕوانینیان بۆ مافی ئەوان چۆنە؟