کەلیلە دیمنە وەکوو یەکێک لە پڕبایەخترین بەرهەمەکانی هزری مرۆڤ، بە زۆر زمان و ئەدەبیاتدا گەڕاوە و بیر و ئەندێشەی مرۆڤی لە کۆمەڵگا جۆربەجۆرەکاندا ئاو داوە. مەلا کەریم زەنگەنە (1897-1980) ئەم بەرهەمەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. ئەم لێکۆڵینەوەیە دەیهەوێ بە شێوازێکی تەوسیفی-شیکاری دوای ئاوڕێک لە سەرچاوەی وەرگێڕانەکە، بپەرژێتە سەر لێکدانەوە و توێژینەوەی شێوەی وەرگێڕانی مەلا کەریم و، خاڵە بەهێز و لاوازەکانی کارەکەی بە مەبەستی هەڵسەنگاندن شیبکاتەوە. بێگومان پەخشانی کوردی لە سەردەمی وەرگێڕانی ئەم بەرهەمەدا قۆناغێکی زۆری نەبڕیوە و ئەزموونێکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەدیوە، چ جای وەرگێڕانی بەرهەمێکی گرانی وەکوو کەلیلە و دیمنە. لە ئەنجامدا شێوەی جووڵانەوە و هەڵسوکەوتی وەرگێڕ لەگەڵ بابەتەکەدا دەردەکەوێ و دەبینین کە توانیویە لە زۆرینەی کارەکەیدا ڕەنگ و سیمایەکی کوردانە بە دەقەکەی ببەخشێ و بە کورتبڕییەکی ئێجگار زۆر بابەتەکانی پێشکەش بکات. وێڕای ئەوەی کە لە وەرگێڕانی شیعرەکان خۆی بواردووە و لە جێی ئەوە، لە چەندین جێگەی تردا، هەندێک جار بۆ خۆی شیعری خۆی یا شیعری شاعیرانی دیکەی هێناوە. زمانی وەرگێڕانەکە زمانێکی دروست و ڕێک و پاراوە و لایەنی ڕێزمان و ڕاوێژی شیاوی زمانی مەقسەد ڕەچاو کراوە.