پەیوەستەیی لە ئەدەبدا نەریت و سازانێکی بەنرخ و هێژایە کە بنەڕەت و ڕەگ و ڕیشەی ئەدەب پتەوتر و ئەستوورتر دەکاتەوە و هێمای پەیوەندیی چڕوپڕی ئەدیبان و شاعیرانی ئەو ئەدەبەیە. بە گوێزانەوە لە دەورەیەکەوە بۆ دەورە و سەردەمێکی تر، هەندێ هێما و توخمی ئەدەبی لە سیما و قاڵبگەلی هەمەچەشندا لە سەردەمی کۆنەوە دەگوێزرێتەوە بۆ دەورەی دواتر. هەرچی ئەم سیما و ڕەگەزە گوێزراوانە زێدەتر بێ، ئەو ئەدەبە دەوڵەمەندتر و پەیوەستەتر دەبێ. لە شیعری سافی هیرانیدا هەندێ توخم و ڕەگەزی ئەم پەیوەستەیی و پەیوەندییە بەدیدەکرێ. ئەم توێژینەوەیە دەیهەوێ بە شێوازی تەوسیفی-شیکاری بپەرژێتە سەر دەنگوڕەنگ و سیمای شاعیرانی قوتابخانەی بابان لە شیعری ئەم شاعیرەدا تاوەکوو دەرکەوێ کە لە شیعری سافی هیرانیدا چ ڕەگەز و توخم و هێماگەلێک لەو پۆلە لە شاعیرانی ئەو سەردەمە ڕەنگی داوەتەوە و چ گۆڕان و تازەبوونەوەیەک لەو وێنە و دەربڕینانەدا پێش هاتووە. ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە پیشان دەدات کە ئەم پەیوەندی و پەیوەستەییە لە قاڵبی وشە و دەستەوشە و پێکهاتەی نەحوی و لە تەوەری لەحن و دەموڕاوێژ و مۆسیقا و واتادا خۆی نواندووە.