به پێی لێکۆڵینەوەی ئەدەبناسان و زمانناسان وشه له درێژایی زەمەندا، به هۆی ئەوەی که له سیستم و ڕەوتێکی دیاریکراوی زمانیدا بەکاردەڕوات، دوای ماوەیەک کارتێکەری و وزەی زمانی و واتایی نامێنێ و تا ڕادەیەکی زۆر ئاسایی دەبێتەوه. نووسەر و شاعیر بۆ ژیاندنەوەی وشه و بارگاویکردنی دەستدەدەنه ئاڵوگۆڕکردن و گوێزانەوەی له نێو بنەماڵەیەکی واتاییەوه بۆ نێو بنەماڵەیەکی تری واتایی. ئەم گوێزانەوەیە کارتێکەری و هێز و وزەیەکی نوێی پێدەبەخشێ. ئەم ڕەوته که به «هیبریدیزاسیۆن» ناسراوه، دیاردەیەکی بەرچاوی ئەدەبییه. له ئەدەبی کوردیدا شێرکۆ بێکەس به پانتاییەکی زۆرەوه ئەم هونەرەی بەکارگرتووه. ئەم وتارە به شێوەی تەوسیفی-شیکاری دەپەرژێته سەر لێکدانەوەی لێکئاڵاوی له شیعری شێرکۆدا. ئەم شاعیره له چەندین بەستێنی واتایی پەیوەندیدار به مروڤ، پیشە و کاری مرۆڤ، ئایین، کەرەسه و پێداویستیی ژیان، سروشت، زمان و ئەدەب، مۆسیقا، دەرهەست و بەرهەست و شوێن-کاتەوه، ئەم هونەرەی بەکارهێناوه و زمانێکی بەهێز و پڕوزەی ئافراندۆتەوه. شاعیر لەم بوارەدا گرنگایەتییەکی زۆری به مرۆڤ و هەرێمی شیعر و سروشت داوه و لە بەستێنی ئەم چەمکانەدا وێنای بەرزی خەیاڵیی وەکوو شوبهاندن و خواستنی نوێی ئافراندووه.