عەلائەدین سەجادی وەکوو یەکێ له کۆڵەکە ئەستوورەکانی ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی، به کۆکردنەوەی ڕشتەی مرواری گەنجینەیەکی تۆکمەی له زمان، فەرهەنگ و کەلەپوور و ئەدەبی کوردیی پێک هێناوه. لەم بەرهەمەدا به پێی داکەوتی دنیای کەسایەتییەکان ڕەنگ و بۆن و شێوە و سیمای تێکڕای خەڵکی کورد دەبینینەوه. ڕشتەی مرواری وەکوو باخچەیەک دەنوێنێت که له زۆرینەی چین و تاقمی خەڵکی کورد ئەندامی تێدا هەیه. گرنگترین نیشانەی ئەم حوزووره لەم بەرهەمەدا له ئەدەبی شێوەزارەکاندا دەردەکەوێت. ئەم لێکۆڵینەوەیه له سەر شێوازی خوێندنەوەی شیکارانه دەیهەوێ بنەما و دەرکەوتەکانی ئەم شێوەزارانه و دەوریان له پێکهێنانی تێکڕای سیمای ئەدەبی کوردی لەم بەرهەمەدا لێکبداتەوه. کۆی بابەت ئەوەمان بۆ دەردەخات که ئەم بەرهەمه گەلەک سیمای بێ خەوش و بێ خڵتی زمان و ئەدەبی کوردیی بۆ پاراستوین. هونەری عەلائەدین سەجادی له ڕێک خستن و ڕازاندنەوەی ئەدیبانەی دەقەکاندایه.