شێرکۆ بێکەس وەک لووتکەی فڕینی خەیاڵ له شیعری کوردیدا، خاوەنی چەندان بەرهەمی ئەدەبیی مەزنه که له پانتایی دەریایەکی بێ کەناری خەیاڵیدا گەلێک دیمەنی پڕسەیر و سەمەرەی خولقاندووه. بیر و خەیاڵی ئەم شاعیره مەزنه سنووری ئاسایی و ئاقاری ئاشنای ئەدەبی سەردەمی بەزاندووه و له هەر دیمەنێکی ساکاری ژیان و کۆمەڵگا به وزەی خەیاڵ وێنای وەهای داهێناوه که نموونەی ڕەسەنی و ئافراندنی ئەدەبین. ئاشنایەتی سڕی بوارێکی بەرینی شیعر و هونەری ئەم شاعیرەیه و یەکێ له هونەرە شیعرییەکانی شێرکۆ کەسایەتی پێدان/مرۆڤاندنه که خۆی لقێکه له فەننی ئاشنایەتی سڕی.لەم مەیدانەدا بیر و خەیاڵی ئەم شاعیره به شێوەیەکی سەرسووڕێنەر فڕیوه و دیمەن و وێنەی هونەرمەندانەی زۆری خولقاندووه. ئەم وتاره به شێوەی شیکاری-تەوسیفی دەیهەوێ ئەم هونەری کەسایەتی پێدانه له شێعری شێرکۆدا بخاته بەر باس و تیشک بخاته سەر لایەن و ڕەهەندەکانی. شێرکۆ بێکەس له چەند ڕەهەنددا ئەم هونەرەی به کار هێناوه؛ جارێک گیاندارێکی هێناوەته ڕیزی مرۆڤ؛ جارێکی تر تەنێکی بێ گیانی مرۆڤاندووه؛ له ڕەهەندێکی تردا ئەندامێک له تەنێکی بێ گیانی کردۆته خاوەنی کەسایەتی؛ بەڵام به پێی ئەم توێژینەوه گرنگترین ڕەهەندی کەسایەتی پێدان له شیعری شێرکۆدا ئەوەیه که کاتێ کەسایەتی به شتێک دەدا، له سنووری ئاسایی و ناسراوی ئەدەبیاتی تێدەپەڕێنێ و تایبەتمەندییەکی پێوه دەنووسێنێ که بەدەره له حاڵی ئاسایی مرۆڤ و هەر بۆیه دەتوانین بڵێین لووتکەی خولقاندن و هونەرنوێنیی شاعیر، لێرەدا دەردەکەوێ.