خواستنی ئاراستەیی جۆرێکه له سێ جۆری خواستنی واتایی که سەرەتا جۆرج لەیکاف و مارک جانسۆن له هەشتاکانی سەدەی بیستدا به ڕاشکاوی باسیان لێوه کرد و ڕایانگەیاند که خواستن یەکێ له بنەماکانی نەک هەر زمانی شیعر و ئەدەب، بەڵکوو زمانی ڕۆژانەشه. له خواستنی ئاراستەییدا لایەن و ڕووگەیەک هەست دەکرێ که واتانوێن یان واتاسازه و زۆرتر دووتەوەری یان دووجەمسەرییه. ئەندێشەی لەیکاف و جانسۆن دواتر بوو به تیۆرییەک و چوارچێوه و بنەماگەلی تایبەت به خۆی بۆ داڕێژرا. ئەم لێکۆڵینەوه به ڕێبازی کتێوخانەیی و بەڵگەیی دەیهەوێ خواستنی ئاراستەیی و نموودەکانی و جێگە و پێگەی له شیعری عەبدوڵڵا پەشێودا وەکوو شاعیرێکی نوێخواز و بیرمەند که زمانی شیعرییەکەی نزیکه له زمانی ڕۆژانەی خەڵکەوه، لێکبداتەوه. به پێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکه، شیعری پەشێو به هۆی دەوڵەمەندبوونی له ڕووی زاراوه و دەستەواژه و وێنای کەم وێنەی خەیاڵییەوه کانگایێکی هێژایه بۆ خواستنی ئاراستەیی. نموونەکانی ئەم خواستنه له شیعری پەشێودا زۆرتر دووتەوەری/جەمسەرین و له نموونە تەوەرگەلی سەر/خوار، دوور/نزیک، پێش/پاش و بەرز/نزم و چەند دوانەیەکی تر پێکهاتوون.