مەولەوی تاوگۆزی، شاعیری بلیمەت و هەرە توانای کورد، ئەوه نەبێ تەنها لە دیوانە بەرزەکەیدا شۆڕەسواری مەیدانی ئەدەب و هەست و خەیاڵ و وێنە بێ؛ بەڵکوو لە سێ مەنزوومەی زانستیی و کەلامییشدا –هەر چەند باس باسی کەلام و فەلسەفەیە- هەر شاعیرە و تاوناتاو هەستی دەبزوێ و قەڵەمی بە هێز و بە بڕشتی ئافراندنی، خۆی بۆ ناگیرێ و پەیتا پەیتا وەگەڕ دەکەوێ. ئەم شاعیر بوونە لە مەنزوومەی کوردی عەقیدەی مەرزییەدا زیاتر بەدی دەکرێت و لە فەوایحە فارسییەکەی و ئەلفەزییلە عەرەبییەکەشیدا هەر ڕوون و ئاشکرایە. باسی میعراجی عەقیدەی مەرزییە، یەکێ لەو شوێنانەیە کە مەولەوی هزری لە تەنگەبەری تەسکی کەلام و فەلسەفەدا نەهێشتۆتەوە و خۆی نوقمی دەریای مەندی شیعری خەیاڵاوی کردووە. هونەری مەولەوی لەوەدایە کە توانیویەتی ئامێتەیەکی جوان لە هەست و زانست و مێژوو بخولقێنێت و تابڵۆیەکی کەم وێنە لە میعراجمان پێ بنوێنێ. بەو هۆیە کە مەولەوی مەنزوومە فارسیەکەی دوای مەنزوومە کوردیەکە نووسییوە، وەها دیارە ڕاستەوخۆ هەندێ بابەتی زۆر بە کورتی لە کوردیەکەوە وەرگێڕابێتە سەر زمانی فارسی و باسی میعراجی ئەلفەوائیحی پێ نەخشاندبێ. بەراوردێکی باسی میعراج لەم دوو مەنزوومەدا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە مەولەوی لە عەقیدەی مەرزییەدا زۆر شاعیرانە هاتووەتە مەیدان؛ بابەتەکە لە ئەم مەنزوومەدا نە تەنها لە شیعری کوردیدا، بەڵکوو لە شیعری فارسییشدا کەم وێنەیە. باسی میعراجی ئەلفەوائیح زۆر کورتە و مەولەوی نەیتوانیوە –یا نەیوییستووە- لێرەشدا وەکوو مەنزوومە کوردیەکەی میعراجمان بۆ بڕازێنێتەوە