سەیید عەبدوڕڕەحییمی نازناو (مەعدوومی)و ناسراو بە (مەولەوی) ، جیا لە دییوانە بەناوبانگەکەی، سێ مەنزوومەی لە زانستی (کەلام)و بییرو باوەڕی ئایینی ئیسلامدا هەیە کە لە خانەی شیعری تەعلییمییدا جێگەیان ئەبێتەوەو ناوبانگی ئەوانییش کەمتر لە دییوانەکەی نیە؛ (عەقییدەی مەرزییە) بە کوردی، (ئەلفەوایح) بە فارسی و (ئەلفەزییلە) بە عەرەبی. هەرچەند مەبەستی سەرەکی مەولەوی لە دانانی ئەم سێ کتێبە فێرکردنی زانستی کەلام بە سێ زمانی کوردی و فارسی و عەرەبی بووەو وەها دیارە کە هەرکام لەوانه بۆ چیین و توێژێکی تایبەت دانراون، بەڵام مەولەوی زۆر جاران بۆی لوواوەو هەستی ناسکی کەوتۆتە کارو وەکوو شاعیرێکی بییرناسکی سۆفی خۆی نوقمی دەریای خەیاڵ کردووەو باڵی بەرەو ئاسمانی عیرفان گرتۆتەوەو سۆزی خۆی دەربڕییوەو کوڵ و کۆی ئەوینی بە شیعری هونەرمەندانەو تەڕو پاراوی خۆی دامرکاندووه. لەم توێژیینەوەدا باسی ئەو جوانکاریە هونەرمەندانانە دەکەین کە لە هەر سێ مەنزوومەکەدا بەدی دەکرێن. لە بەراوردکردنی ئەم سێ شاکارەدا وەها دەردەکەوێ کە مەولەوی لە مەیدانی ڕەوانبێژی و جوانکاری هەر سێ زمانەکەدا، ئەسپی خەیاڵی خۆی تاوداوەو توانییویەتی بوارێکی ڕەق و تەقی زانستی ئاوێتەی گوڵزاری شیعر بکات. هەرچەند هەستی ئەوییندارانەو شاعیرانەی مەولەوی لە پێشەکی و کۆتایی مەنزوومەکاندا زیاتر وەبەرچاو دەکەوێ، بەڵام تەنانەت ناوەرۆک و کاکڵەی بابەتە زانستییانەکانی ئەم هۆنراوانەش بێبەش نەکراون و ڕەنگ و بەرامەی هەست و خەیاڵی جوانی مەولەوی بە هەموو لایەکیانەوە دیارە. وەکوو دەستکەوتێکی تری ئەم توێژیینەوە ئەبێ ئاماژە بەوەش بکرێت کە هەرچەند مەولەوی لە شیعری عەرەبی و فارسییشدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام هۆنراوە کوردیەکەی (عەقییدەی مەرزییە) لە باری هونەری و ئەدەبییەوە پلەی یەکەمی هەیەو دوای ئەو (ئەلفەزییلە)ی عەرەبی لە پلەی دووهەمدایە. زێدەڕەوی مەولەوی لە بەکارهێنانی جیناسدا لایەنێکی لاوازی هەرسێ مەنزوومەکەو بەتایبەت مەنزوومە عەرەبییەکەیە.