ئامرازە ئەدەبییەکان، بەتایبەت لقی جوانکاری، لە شیعری مەولەویدا هێندە زۆر و زەق نین و ئەوانەش لە شیعرەکانیدا دەرکەوتوون، بە مەبەستی ڕازاندنەوە و خەمڵاندن بەکار نەبراون، بەڵکوو پێویستی وتە و دەربڕینن و بە چەشنێک لە نێو دێڕە شیعرەکانیدا تواونەتەوە کە زۆر سروشتی دەنوێندرێن. بەم پێیە ڕوونە کە لایەنی هونەری و جوانیناسیی شیعری مەولەوی تەنیا لە چوارچێوەی ئامرازە ئەدەبییەکاندا سنووردار نابێتەوە و بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی ئەم لایەنە لە شیعری مەولەویدا پێویستە بە دوای تایبەتمەندیگەلێکی دیکەوە بگەڕین. لەم توێژینەوەیەدا شیعری مەولەوی بە شێوەی وەسفی-شیکاری لە بواری هونەری و جوانیناسییەوە تاوتوێ کرا و دەستکەوتەکان سەلمێنەری ئەم بابەتەیە کە ساکاربێژیی هەستدارانە وەک تایبەتمەندییەکی زاڵ، دەبێتە تەوەری ناوەندیی هونەر و جوانیی شیعری مەولەوی. ئەم ساکاربێژییە خۆی بەرهەمی هۆکارگەلێکی جۆربەجۆرە کە لە نێوانیاندا پەیوەندییەکی واتادار و تۆڕئاسا لە ئارادایە. «پێکهاتەی زەینییەتی شیعری و خەیاڵی شاعیرانە» و «چەشنی بەردەنگی شیعریی شاعیر» سەرچاوەی ئەو ساکاربێژییە لە شیعری مەولەویدایە. «شوێننەکەوتن لە نەریتە ئەدەبییەکان»، «پشتنەبەستن بە نوێنەکە دەربڕینەکان» و «ڕاستیی بێژە» لە ڕیزی بنەماکانی پێکهاتەی زەینییەتی شیعری و خەیاڵی شاعیرانەی ئەم شاعیرەیە. کەڵکوەرگرتن لە دیاردە سروشتی و فەرهەنگییە ناوچەییەکان بۆ پێکهێنانی چەمک و دەربڕینی مەبەستەکانی، سەرەکیترین دەرکەوتەی ساکاربێژییە لە شیعری مەولەویدا.