کاتێک بیرۆکەیەک وەک تەوەرێکی زاڵ و ناوەندی لە شیعری نەتەوەیەکدا دەردەکەوێت، بۆ خۆی مێژوویەکی دەبێت کە چەندین قۆناغ دەگرێتەبەر. لە بواری لایەنی واتایی و هونەرییەوە، دەرکەوتنی ئەو بیرۆکەیە لە قۆناغەکاندا هاوشێوە نییە و ئاستەکەی جیاوازە. بۆ بیرۆکەی نەتەوەخوازی و نیشتمانپەروەری لە شیعری کوردیدا سێ قۆناغ دەستنیشان دەکرێت کە بریتین لە: ١. قۆناغی سەرهەڵدان و دەرکەوتن. 2. قۆناغی پەرەسەندن و مسۆگەری. 3. قۆناغی تەشق و پێگەیشتوویی. لە هەرکام لەم قۆناغانەدا دوو لایەنی ئەرکی- واتایی و هونەری- ئەدەبی ئەم بیرۆکەیە لە ئاستێکی تایبەتدا دەرکەوتوون. لەم توێژینەوەیەدا بە شێوەی شیکاری، ئاستی دەرکەوتنی ئەو دوو لایەنە لە سێ قۆناغی ئاماژەپێکراودا لێکدرایەوە. بەپێی دەستکەوتەکانی توێژینەوەکە، ئاستی لایەنی ئەرکی- واتایی بیرۆکەکە لە قۆناغی سەرهەڵداندا، ڕاگەیاندنییە و لایەنی هونەری- ئەدەبیش ئاستی ساکاربوون و ڕاستەوخۆبوونی هەیە. دەرکەوتنی بیرۆکەکە لە قۆناغی پەرەسەندندا، بەم جۆرەیە کە لایەنی هونەری- ئەدەبییەکە بەگشتی درێژەی قۆناغی پێشوویە، واتە تا ڕادەیەکی زۆر هەر ئەو ساکار و ڕاستەوخۆییە دەبیندرێت؛ بەڵام لایەنی ئەرکی- واتاییەکەی لە ئاستی بەرەو ناوەندێتی (ناوەندئاژۆیی) بزاوتی دەبێت. لە قۆناغی تەشقدا لایەنی ئەرکی- واتایی بیرۆکەکە دەگاتە ئاستی گوتاری و ناوەندێتی و لایەنی هونەری- ئەدەبییەکەشی لە ئاستی چۆنیەتیی نواندنەوەدا خۆی نیشان دەدات.