شیعری کلاسیکی کوردی لە بواری وێنە شیعرییەکان، بابەتەکان، چەمکەکان، وشەکان و زاراوەکانەوە خاوەن وەها ئاستێکی بەرز و پێکهاتەیەکی یەکگرتوو و تۆکمەیە کە وەکوو بەڵگە دەیسەلمێنن بەبێ پاشخانێکی دەوڵەمەند بەدی نەهاتوون و بێ گومان لە ڕێگای ئاشنایەتی لەگەڵ ئەزموونگەلێکی شیعرییەوە بووە کە لەو ئاستەدا دەرکەوتوون. لە ڕوانگەی تیۆریی ئەدەبیی نێوان دەقێتیشەوە ئەم بابەتە دان پێدانراوە کە پاشخانێکی شیعری لە بەدیهاتنی لایەنی وێنەیی، واتایی و پێکهاتەیی شیعری کلاسیکی کوردی دەوری گێڕاوە. لە نێوان تەواوی ئەو ئەگەرانەی کە ڕەنگە بیر و سەرنجی توێژەرانی بەرەو لای ڕابکێشرێت، بەپێی هێماکانی نێودەقی و دەرەوەی دەقی دەسەلمێندرێت کە پاشخانی شیعریی شیعری کلاسیکی کوردی بۆ شیعری کلاسیکی فارسی دەگەڕێتەوە؛ بەم بۆنەوە وێنەگەلێکی شیعری و زۆرێک بابەت لە نەریتی ئەدەبیی شیعری کلاسیکی فارسییەوە هاتۆتە نێو شیعری کلاسیکی کوردییەوە و بەردەوام لە شیعری شاعیراندا دووپات بۆتەوە. هەرچەند ئەم تایبەتمەندییە لە هەر سێ لقی شیعری کلاسیکی کوردیدا دەبینرێت، بەڵام لە شیعری گۆرانیدا، بە بەراورد لەگەڵ شیعری کوردیی ناوەندی و سەروودا، لاواز و کاڵترە. لەم توێژینەوەیەدا چۆنیەتیی کەڵک وەرگرتنی شاعیرانی کلاسیکی کورد لە نەریتە ئەدەبییەکانی شیعری کلاسیکی فارسی تاوتوێ دەکرێ تا ڕوون ببێتەوە کە لە چ بابەتگەلێکی شیعریدا زۆرتر نەریتە ئەدەبییەکان دەرکەوتوون و ڕادەی داهێنەرێتی نواندنی شاعیرانی کورد لە چ ئاستێکدایە. بەپێی دەستکەوتەکانی توێژینەوەکە، کاردانەوەی نەریتە ئەدەبییەکان لە شیعری غینایی و عیرفانیدا زۆرتر بەدی دەکرێ و شاعیران هەوڵیان داوە لە نێو بازنەی ئەم نەریتانەدا داهێنەرێتی و نوێکاری بنوێنن. خوڵقاندنی مەزموونی نوێ و خۆماڵی کردنەوەی وێنە شیعرییەکان و بابەتەکان، بەرچاوترین شێوەیە کە شاعیرانی کورد لە نێو نەریتە ئەدەبییەکانی شیعری کلاسیکی فارسیدا داهێنەرێتییان نواندووە.