کورتەی بابەت پێداهەڵدانی جوانی و مەزنایەتی، وەک خدەیەکی سروشتی لە ناخی مرۆڤدا بنجی داکوتاوە، بۆیە هۆنەران، هۆنراوەکانیان بە پەسەندانی مرۆڤە مەزن و کاریزماکان، نەخشاندوە. بە سەرهەڵدانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ستایشی کەسایەتی پێغەمبەری مەزن، و بنەماڵە و یارانی، بوو بە سەرچڵی گوڵی شیعری پەسەندان لە نێو شاعیرانی گەلانی موسوڵماندا، هۆنەرانی کلاسیکی کوردیش کە زۆربەیان لە داوێنی مزگەوت و ناوەندە ئایینیەکاندا پێگەیشتبوون، لەم بوارەدا زۆر پێشکەوتووبوون. سۆزی جەزیری و خانی، ناڵەی ناڵی و بێسارانی و مەولەوی؛ شەیدایی وەفایی و بێخود، لە کانگای عەشقی ئەوان بۆ پێغەمبەر هەڵدەقوڵا و دڵی شەیدایان لە هیچ شاخ و باخێک، جگە لە شاری دڵان یانی "مەدینە'ی مونەووەرە ئوقرەی نەدەگرت. یەکێک لەو کەسایەتیە شەیدایانەی عەشقی پێغەمبەر، کە هەموو شتێکی بە قوربانی پێغەمبەر دەکات، کاک ئەحمەدی موفتی زادە، زانا و بیرمەند، شاعیری شۆڕشگێر و عارفی کوردە کە هەر وەک لە بواری ئایینیدا، بۆچوون وهەڵوێستی تایبەت بەخۆی هەبوە، شێعرەکانیشی کە سەرجەمیان لە خەڵوەتگەی زیندان وکاتی تاران لە زێدو یارانی نووسراون، هەڵگری تام و چێژێکی تایبەتن بەڵێ ڕاستە کە کەڵە شاعیرانی کورد، زۆر بەحری نووریان سەبارەت بە ئوقیانووسی خووخدەی جوانی پێغەمبەر(د.خ)هۆنیوەتەوە و بەپێ توانا، هەست و هەڵوێستی خۆیان لە عەشق و شەیدایی ئەودا، خستۆتە ڕوو، هەڵبەت، زۆربەی، وەسفی جوانی ڕوخسار و ئاکاری تاکەکەسی پێغەمبەر بووە، کەمتر ئاماژەیان بە لایەنی کۆمەڵایەتی، نوێخوازی و ئازادیخوازی ژیان و پەیامی ئەو کردووە؛ بەڵام، کاک ئەحمەد ڵەگەڵ دەربڕینی سۆزی عارفانە و عاشقانەی خۆی بۆ پێغەمبەر، کاکڵی پەیامی ئەو، کە لابردنی تاریکی نەزانی ونەفامی لە سەر مێشک و بیری بەشەر و پچڕاندنی کۆت و زنجیری کۆیلایەتی لە دەست و ملی مرۆڤایەتی بووە، بەشێوازێکی سەردەمیانە و بە چێژێکی شۆڕشگێڕانە لە هۆنراوەکانیدا، خستۆتە ڕوو کردوونی بە ڕەمزی بەدیهێنانی خەونی هەژاران. هەروەها ئەو، سۆزی نیشتمان، ئەکاتە ئاوێتەی عەشقی بۆپێغەمبەرو لە هەڵبەستەکانیدا سەربەندی باس لەدیمەنەجوان و دڵڕفێنەکانی نیشتمان دەکاتە صەڵوات بۆ پێغەمبەر(د.خ) لەم بابەتەدا، بە شێوازی وەسفی شیکارانە، ڕوانگەی کاک ئەحمەد لە پێغەمبەرناسی و گرنگترین تایبەتمەندی شیعرەکانی لە ستایشی پێغەمبەردا، دەخەینە ڕوو. گرنگترین ئەنجامی ئەم بابەتە بریتیە لە: تێکەڵی خۆشەویستی پێغەمبەر، لە شیعری کاک ئەحمەد دا بە سۆزێکی عیرفانی هەڵقوڵاو لە دڵ و گرێدانی ئەم سۆزە بە عەشقی نیشتمان و هەژاران و بابەتی ئازادیخوازی و دژایەتی لەگەڵ دەسدار و دەسبڕ و دەسپڕەوە. وشەسەرەکییەکان: پێغەمبەرناسی، سۆزی ئیمان، خۆشەویستی نیشتمان، خەونی هەژاران شیعری کاک ئەحمەد.